سارا ڕەشیدیی کەچلانلوو، هاووڵاتیی ٣٣ ساڵانی خەڵکی ماکۆ، لە کاتی ڕاپەڕینەکەی بەفرانبارەوە لە کرماشان بێسەروشوێن کراوە و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١١ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە کاتی ڕاپەڕینەکەی بەفرانبار لە ئۆتۆمبێلێکدا لە نزیک شاری کرماشان لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە.

ئەم ژنەکوردە دوای ئەوەی دەستبەسەر کراوە گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشان لە مەیدانی نەفتی ئەم شارە و لە کاتەوە تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی کرماشانیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.

زیاتر لە حەوت مانگ لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی سارا ڕەشیدیی کەچلانلوو تێ دەپەڕێت و هەر بۆیە نیگەرانییەکان لەسەر چارەنووس و دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییە بە شێوەیەکی جیدی پەرەی سەندووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی سێ هاووڵاتیی کوردی دیکەی بە ناوکانی ئیدریس فێقهی (فەقیهی)، عوسمان مامە و موحسین قادری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان و بانە تۆمار و پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام سەرباری تێپەڕینی چەند ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوانەدا، تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتیانەیش بەردەست نەکەوتووە.