لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی مریەم مورادیان، سیرووس حەمیدی و منداڵە ١٦ ساڵەکەیان، کوردیا حەمیدی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەوە بۆ زیندانەکانی ژنان و ناوەندیی سنە. منداڵەکە دوای ٤ ڕۆژ ئازاد کرا بەڵام دایک و باوکی تا ئێستەیش هەر دەستبەسەرن.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێزە ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم سێ هاووڵاتییەیان لە گوندێکی دیواندەرە دەستبەسەر کردووە و دواتر گواستوونیانەتەوە بۆ زیندانی ناوەندی و زیندانی ژنان (کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت)ی سنە.

کوردیا حەمیدی کە ١٦ ساڵیەتی و لەگەڵ مریەم مورادیانی دایکیدا لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ژنانی سنە ڕاگیرابوو، دوای چوار ڕۆژ ئازاد کرا، بەڵام سیرووس حەمیدی و مریەم مورادیان هەر لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانەکانی سنە ڕاگیراون و لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.