چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی موحەممەد دانشمایە، سۆران مەحموودی، لوقمان سەیدە و سەلام ئازەری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی پیرانشار و نەغەدە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ١ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) هێزە ئەمنییەکان لە پیرانشار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی موحەممەد دانشمایە و سۆران مەحموودی و هەردووکی ئەم هاووڵاتیانەیان دەستبەسەر کردووە. هاوکات لە گوندی «پسوێ»یش لوقمان سەیدەیان دەستبەسەر کردووە.
هەمان ڕۆژ سەلام ئازەری، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی نەغەدەیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی لەم شارەدا بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.
سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیشیان بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخی ئێستایان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.
پێشینەی دەستبەسەرکران و سزادان
- سۆران مەحموودی: ڕەزبەری ١٤٠٢ (سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و ٢٢ی گەڵاڕێزانی هەمان ساڵ (١٣ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بە بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. گوڵانی ١٤٠٣ (ئاپریلی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر دووستی، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» (ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا) سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
- سەلام ئازەری: ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە نەغەدە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. دوای ٨٢ ڕۆژ گوازرایەوە بۆ زیندانی نەغەدە و ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ (١٧ی فێڤرییەی ٢٠٢٤) بە بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. بەفرانباری ١٤٠٣ (ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر دووستی، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» (ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا) و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە ڕیز سزای یەک ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
- موحەممەد دانشمایە: ساڵی ١٤٠٢ (٢٠٢٣) بۆماوەی چەند حەفتەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرا.