سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی سەنعان فەراسەتی، سەعدوون داستار و ڕەحمان ئازەرەخش لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) سەعدوون داستار، خەڵکی گوندی «حەسەن نووران» و ڕەحمان ئازەرەخش، خەڵکی گوندی «سۆفیان»ی شنۆ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی ١ی خەرمانان (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) سەنعان فەراسەتی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری شنۆ دەستبەسەر کرا.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.

سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخی ئێستایان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.