دوای تێپەڕینی دوو مانگ لە دەستبەسەرکردنی پەروین (ئەختەر) ڕاسق قزڵباش و زەهرا پیردێهقان، هاووڵاتیانی خەڵکی ماکۆ و چاڵدێران کە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و تۆمەتەکانیان بەردەست نەکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، زەهرا پیردێهقان، ٣٢ ساڵان و خەڵکی چاڵدێران و پەروین (ئەختەر) ڕاسق قزڵباش، ٣٣ ساڵان و خەڵکی ماکۆ، بە ڕیز لە ڕۆژانی ٤ و ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥دا (٢٥ و ٢٨ی ژوەنی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ئەم شارە.
بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە چەندین جار سەردانی دادگا، ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانیان لە ورمێ کردووە و داوایان کردووە بارودۆخ و چارەنووسی منداڵەکانیان ئاشکرا بکرێت، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.