مەنسوور کەربەلایی، هاووڵاتیی خەڵکی میاندواو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی بۆکان.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای گوازرانەوە بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی میاندواو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی بۆکان کراوە.
مەنسوور کەربەلایی، هاووڵاتیی ٣٠ ساڵانی خەڵکی گوندی «سەرچناری»ی میاندواو، ڕۆژی ٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ (٣٠ی ژوەنی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ. دوای چەند حەفتەیەکیش بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ شەش هاووڵاتیی کوردی دیکەدا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەحەد سیامی، بە تۆمەتی «بەغی پێش بەدەستهێنانی چەک» سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپا.
لەم دۆسیەیەدا، کاوەیس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم بە شێوەی غیابی بە تۆمەتی «بەغی لە ڕێگەی چالاکیی چەکدارییەوە دژ بە حکومەت» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە (ئەم هاووڵاتییە دوای ئازادبوونی کاتی ئێرانی بەجێ هێشت). هەروەها پێنج هاووڵاتیی تر بە ناوەکانی هێمن مامل ئازەر، یووسف مامل ئازەر، سالار بایزیدی ئازەر، حەسەن مامل ئازەر و سالار سەید ڕەحیمی بە تۆمەتی «بەغی پێش بەدەستهێنانی چەک» هەرکامە سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.