لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە لایەنی کەمەوە پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی میلاد عەلایینەسەب، ئەمین ناسری، یاسر هەواسیزادە، ڕوحوڵڵا غوڵامی و یوونس بەکری لە شارەکانی دەڕەشار، ئاسمانئاباد و سەراوڵە لە پارێزگای ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٥ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) میلاد عەلایینەسەب، هاووڵاتیی خەڵکی دەڕەشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا.
هەروەها ڕۆژی ٢ی خەرمانان (٢٤ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان ناوچەی «پیرحەمزە»یان لە شارۆچکەی ئاسمانئاباد گەمارۆ دا و هاووڵاتییەکیان بە ناوی یاسر هەواسیزادە دەستبەسەر کرد.
ڕۆژی ١ی خەرمانانیش (٢٣ی ئاگۆست) ئەمین ناسری، گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی ئاسمانئاباد کە دوابەدوای ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانڤییەی ٢٠٢٦) کەوتبووە بەر لێپێچینەوەی دامودەزگا ئەمنییەکان، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە لای قاچەوە پێکرا و بە برینداری دەستبەسەر کرا.
هاوکات ڕوحوڵڵا غوڵامی و یوونس بەکرییش کە هەردووکیان خەڵکی ئاسمانئابادن، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
ئەم هاووڵاتیانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون و بنەماڵەکانیشیان چەندین جار سەردانی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانیان کردووە و داوایان کردووە بارودۆخ و چارەنووسی منداڵەکانیان ئاشکرا بکرێت، بەڵام ئەم دامودەزگایانە تا ئێستەیش ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ بدەن.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە.