نێدا دەدەجانی و ستایش سەرابی، هاووڵاتیانی خەڵکی قوروە و لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانڤییەی ٢٠٢٦)، ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران و قامچی ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی سنە کران. ئەم دوو زیندانییە سیاسییە ئێستە لە بەندی گشتیی ئەم زیندانەدان.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نێدا دەدەجانی و ستایش سەرابی ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی قوروە، دەستبەسەر کران و دوای لێدانی قامچی، ڕەوانەی زیندانی ژنانی سنە (کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت – چاکسازیی ژنان و منداڵان) کران. ئەم زیندانییە سیاسیانە دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لە قەرەنتینە، ڕەوانەی بەندی گشتیی ئەم زیندانە کراون.

ئەم دوو زیندانییە سیاسییە داوایان کردووە ماوەی سزاکەیان بە پێبەندی ئەلێکترۆنییەوە بەرنە سەر، بەڵام تا ئێستە دادگای قوروە ئەم داواکارییەی قبووڵ نەکردووە.

ستایش (بێهنووش) سەرابی و نێدا دەدەجانی، هونەرمەند و دیزاینەری جلوبەرگ، لە ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا (ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە شاری قوروە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران، دوای چەند ڕۆژێکیش بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە مانگەکانی ڕابردوودا لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی دووی قوروەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی» هەرکامە سزای ساڵێک بەندکران، ٣١ قامچی و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری نیکشەهری پارێزگای سیستان و بەلووچستانیان بەسەردا سەپا.

هەروەها لە دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات» لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی قوروە دادگایی کران و هەرکامە سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.