پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لەسەر چارەنووسی ئارژین جوندی، منداڵی دەستبەسەرکراوی کورد لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2026/09/15/p50102
ئارژین جوندی، منداڵی ١٦ ساڵانی خەڵکی گوندی «کەوپەڕ»ی پیرانشار، دوای سەردانکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەسەر بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداراندا، خراوەتە بەر گوشار و ئەشکەنجەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پیرانشارەوە لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم منداڵە ١٦ ساڵەیە دوای گیانلەدەستدانی باوکی، لە گوندی «کەوپەڕ» لەگەڵ بنەماڵەی مامیدا ژیانی دەکرد. ئێوارەی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥ (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٦) ئەندامێکی سوپای پاسداران بە ناوی ئیسلام کاکدەروێشی لەم گوندەدا بە دەسڕێژی کەسانی نەناسراو کوژراوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران دوای ڕووداوەکە ماڵەمامی ئارین جوندییان ڕووخاندووە و وتوویانە ئارژین لە کوشتنەکەدا دەستی هەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گرووپێک بە ناوی «خۆری هیوا» بەرپرسایەتیی کوشتنی ئەندامەکەی سوپای پاسدارانی گرتووەتە ئەستۆ.
سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «ئارژین جوندی کە بۆ دیداری دایکی چووبوە گوندێکی تر، ڕۆژی هەینی ٢١ی خەرمانان (١٢ی سێپتامبەر) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی پیرانشار، لەگەڵ ئەندامێکی تری بنەماڵەکەیدا سەردانی ئەو ناوەندە ئەمنییە دەکات و هەر لەوێ دەستبەسەر کراوە».
هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ئەم منداڵەدا، ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە «بکوژ»ی ئەندامەکەی سوپای پاسداران لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکیان بە ناسنامەی کەسەکە نەکردووە.
سەرچاوەکە لە کۆتاییدا ئەوەیشی وت کە ئارژین جوندی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بووە و بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاریی زۆرەملێ لەسەر بەشداریکردن لە کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداراندا، خراوەتە بەر گوشار و ئەشکەنجەوە.
بابەتی پەیوەندیدار
هەواڵی زیاتر لە پیرانشار هەموو بابەتەکانی «دهستبهسهركردنەکان»
-
دەستبەسەرکردنی چوار هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار و نەغەدە
-
نادیاربوونی چارەنووسی نازەنین حسەینپوور، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار
-
پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە چارەنووسی ئارژین جوندی، منداڵی ١٦ ساڵانی دەستبەسەرکراوی کورد
-
نادیاربوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد لە شنۆ، بۆکان و پیرانشار
-
دەستبەسەرکردنی موستەفا پیرۆتی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد
-
دەستبەسەرکردنی پێنج هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی ورمێ، ئیلام، بۆکان و پیرانشار