تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ده‌ستبه‌سه‌ركردنەکان سنە

سیروان حەبیبی، ئەندامی دەستبەسەرکراوی پژاک، هێشتا هەر بێسەروشوێنە

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2026/09/20/p50165

سەرباری تێپەڕینی ١١ ڕۆژ لە بێسەروشوێنکردنی سیروان حەبیبی بە کۆدی ڕێکخراوەیی ئارام سنەوە کە ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و خەڵکی سنەیە و لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری کامێران دەستبەسەر کراوە، تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە بنەماڵەی ئەم چالاکوانە سیاسییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار چوونەتە ئیدارەی ئیتلاعات و فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی شارەکانی سنە و کامێران و داوایان کردووە چارەنووسی کوڕەکەیان ڕوون بکرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو دوو دەزگایە دەڵێن ئاگامان لە چارەنووسی ئەو ئەندامەی پژاک نییە.

بەردەوامیی نادیاربوونی چارەنووسی سیروان حەبیبی و نەکردنەوەی هیچ دۆسیەیەکی یاسایی لە دادگاکانی کامێران و سنەدا، بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی دانیشتووی گەڕەکی بێعسەتی کامێران کە لە نزیکەوە ئاگایان لە ڕووداوی دەستبەسەرکردنی سیروان حەبیبی بووە، وتووێژی کردووە و هەندێ وردەکاریی زیاتری لەسەر شێوازی دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکوانە سیاسییە بە دەست هێناوە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، ئێوارەی ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٦) دەیان ئۆتۆمبێلی جامڕەش کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات بوون، هەندێ شەقامی گەڕەکی بێعسەتی کامێرانیان گەمارۆ دابوو. نزیکەی کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر، واتە ١٨ی خەرمانان (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٦)، سیروان حەبیبی لەسەر ماتۆرسیکلێتێک دەبێت و هێزە ئەمنییەکان دەکەونە دوای.

بە وتەی ئەم شایەتحاڵانە، ئۆتۆمبێلێکی وەزارەتی ئیتلاعات بە خێراییەکی زۆر خۆی بە ماتۆرسیکلێتی ئەم هاووڵاتییەدا دەکێشێت و دوای وەرگەڕانی ماتۆرسیکلێتەکە، بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەری دەکەن. ژمارەیەک هاووڵاتی کە بە ڕێکەوت لەو شوێنە بوون، دوای وەرگەڕانی ماتۆرسیکلێتەکە لەگەڵ پۆلیسی ١١٠ پێوەندی دەگرن و بە مەبەستی بەهاناوەچوون، لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک دەبنەوە. بەڵام هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنیان، تەقەی هەوایی دەکەن.

شایەتحاڵێک دەڵێت: «دوای چەند خولەکێک دەورییەیەکی پۆلیسی ١١٠ بەبێ ئەوەی ئاگای لە بارودۆخەکە بێت، گەیشتە ئەو شوێنە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێ کردن و پێیان ڕاگەیاندن کێشەکە ئەمنییە و ناچاریان کردن شوێنەکە بەجێ بێڵن».

بە وتەی شایەتحاڵەکان، سیروان حەبیبی لە کاتی دەستبەسەرکردندا بەرهەڵستی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی توندوتیژ لێیان داوە، پاشان پەڕۆیەکیان بەسەر دەموچاویدا کردووە و ڕایانکێشاوەتە ناو ئۆتۆمبێلێکی سەمەندەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥ (١٤ی سێپتامبەری ٢٠٢٦) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سیروان حەبیبی ئەندامی ئەم حیزبە بووە و لە کاتێکدا بەبێ هیچ جۆرە چەکێک سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی ڕێکخستنی بووە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستەیش هیچ زانیاریەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، پێش شەڕی ئەمریکا و ئیسراییل لەگەڵ ئێراندا، زۆربەی دەستبەسەرکراوان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی پارێزگای کوردستانەوە دەگوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەکانی ئەم دوو دەزگا ئەمنییە لە شاری سنە و لەوێ لێپرسینەوەیان لێ دەکرا.

بەڵام دوابەدوای بۆردومانکردنی دەستبەسەرگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سنە لە لایەن ئەمریکا و ئیسراییلەوە، هێزە ئەمنییەکان هاووڵاتیانی دەستبەسەرکراو دەگوێزنەوە بۆ ماڵە پارێزراوەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی شارەکانی ئەم پارێزگایە.