ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردنەوەی ئیسماعیل کەریمی، زیندانیی سیاسیی پێشووی کورد لە بۆکان
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2026/10/03/p50458
ئیسماعیل کەریمی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکان کە کۆتایی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (مارسی ٢٠٢٦) دەستبەسەر و دوای نزیکەی دوو مانگ بە بارمتە ئازاد کرا، دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە، جارێکی تر دەستبەسەر کرایەوە و گوازرایەوە بۆ زیندانی بۆکان.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) بە بیانووی بەرزکردنەوەی ڕێژەی بارمتەکەی بانگهێشتی بەردەم لقی دووەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان کرا، بەڵام لەوێ دەستبەسەریان کرد و بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتی ناردیانەوە بۆ زیندانی بۆکان.
دەوترێت تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» ڕووبەڕووی ئیسماعیل کەریمی کراوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا (١٩ی مارسی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا و دوای نزیک بە دوو مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئەم شارەدا، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
ئیسماعیل کەریمی پێش لەوەیش لە ڕێکەوتی٢١ی گەلاوێژی ١٤٠١دا (١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو. دواتریش لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی بۆکانەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە گشتی سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
سزاکە دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیار و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٢٧ مانگ بەندکران و لە ڕێبەندانی ١٤٠١دا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا. دوای ماوەیەکیش بە ڕەزامەندیی دادگا و بە پێبەندی ئەلێکترۆنییەوە لە زیندان ئازاد کرا.
بابەتی پەیوەندیدار
هەواڵی زیاتر لە بۆکان هەموو بابەتەکانی «دهستبهسهركردنەکان»
-
دەستبەسەرکردنی موحسین و حسەین گەردشی، زیندانیانی سیاسیی پێشوو، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان
-
نادیاربوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد لە شنۆ، بۆکان و پیرانشار
-
بەردەوامیی دەستبەسەرکردنەکان؛ چوار هاووڵاتیی کورد لە شنۆ و بۆکان دەستبەسەر کران
-
دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز و بۆکان
-
دەستبەسەرکردنی یووسف ئەمینی، مامۆستای خانەنشین، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان
-
نادیاربوونی چارەنووسی ئەستی محەممەدی، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان