یەدوڵڵا مەتاعی، وەرزشوانی کورد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دێولان دەستبەسەر کرا
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/arrests/2026/10/06/p50520
یەدوڵڵا مەتاعی، ڕاهێنەری کاراتەی خەڵکی دێولان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوانیوەڕۆی سێشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥ (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦) یەدوڵڵا مەتاعی لە کاتێکدا لەگەڵ منداڵە ٨ ساڵانەکەی بە ماتۆرسیکلێتێکەوە لە نزیک بولواری کەشاوەرزی دێولانەوە تێ دەپەڕی، بە شێوەیەکی توندوتیژ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان پاش ئەوەی خۆیان دەستبەسەر کرد منداڵە ٨ ساڵەکەیان لە کەنار شەقامەکەدا بەجێ هێشت.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لەسەر تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ئێستای ئەم وەرزشوانە کوردە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
یەدوڵڵا مەتاعی کە لە ساڵی ١٣٧٤ەوە (١٩٩٥) وەکوو وەرزشکار و ڕاهێنەری کاراتە کاری کردووە، لە کاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»یشدا لە دێولان دەستبەسەر کرا و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە سنە ئازاد کرا. دوای ماوەیەکیش سزای ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.
یاوەر (شۆڕش) مەتاعیی برای ئەم هاووڵاتییە لە چالاکوانانی سیاسیی دانیشتووی دەرەوەیە و ئەندامی یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانە.
یەدوڵڵا مەتاعی لە کۆتایی گەلاوێژی ١٤٠٥دا (ئاگۆستی ٢٠٢٦) لە لایەن بەشی پاراستنی ئیدارەی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای کوردستانەوە بانگهێشت کرا و پێی ڕاگەیەنرا کە مۆڵەتی هیچ جۆرە چالاکییەکی وەرزشیی نییە.
هەروەها ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) وا بڕیار بوو ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە پاڵەوانان و پێشەنگانی وەرزش لە دێولان بەڕێوە بچێت، بەڵام هەر بە دەستێوەردانی بەشی پاراستن ناوی ئەم وەرزشوانە کوردە لە پێڕستی پێشەنگەکان سڕدرایەوە و مۆڵەتیشی پێ نەدرا بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا بکات.
بابەتی پەیوەندیدار
هەواڵی زیاتر لە دێولان هەموو بابەتەکانی «دهستبهسهركردنەکان»
-
قەدەغەکردنی چالاکیی لە وەرزشی لە یەدوڵڵا مەتاعی، ڕاهێنەری کاراتەی خەڵکی دێولان
-
دەستبەسەرکردنی فەرامەرز ساعیدی، هاووڵاتیی خەڵکی دێولان، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە
-
دەستبەسەرکردنی شەش هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان، دێولان، پیرانشار، تاران و کامێران
-
نادیاربوونی چارەنووسی کەمال لوتفی، لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان، دوای تێپەڕینی دە ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا
-
بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی کەژاڵ موبارەکی و جەمال ئەحمەدزادە، توێژەرانی بەندکراوی کورد
-
محەممەد ڕەزایی، ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندان کرا