حسەین حسەینی، چالاکی سیاسی و فەرهەنگیی خەڵکی مەریوان، لەگەڵ نەسرین خۆشنەوازیانی هاوسەری و هەردوو منداڵە ١٠ و ١٣ ساڵانەکەیان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری بۆدرۆمی تورکیا دەستبەسەر کراون و بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوە ڕەوانەی کەمپی «موغلا» کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە کوردە ساڵی ١٣٩٨ (٢٠١٩) بە هۆی چالاکییە سیاسی و فەرهەنگییەکانیەوە ناچار بوو زێدی خۆی بەجێ بێڵێت و ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات. حەفتەی ڕابردوو خۆی و بنەماڵەکەی لە کاتێکدا دەیانویست لە تورکیاوە بۆ ئەورووپا بپەڕنەوە لە شاری بۆدرۆم لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ کەمپی مەغلا.
دەوترێت بنەماڵەی ئەم چالاکە کوردە بە شێوەی یاسایی و بە پاسپۆرت لە ئێرانەوە سەفەری تورکیایان کردبوو و لە شاری بۆدرۆم یەکیان گرتبووەوە. کەچی سەرەڕای ئەمەش دەوترێت کە دۆخی ئەم بنەماڵەیە، بەتایبەت منداڵە ١٠ و ١٣ ساڵانەکانیان، لەو کەمپەدا زۆر خراپە و بەرپرسانی کەمپەکە پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران لە ئارادایە.
حسەین حسەینی بە هۆی چالاکییە بەردەوامە سیاسی و فەرهەنگییەکانیەوە لە هەرێمی کوردستان، لە ئەگەری گەڕاندنەوەی زۆرەملێدا بۆ ئێران لە بەردەم مەترسیی جیدیی دەستبەسەرکردن و دادگاییکردندایە.