ئەشکان سرووری، تازەمەسیحی و پەناخوازی سیاسیی خەڵکی سەقز کە ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە سوێد داوای مافی پەنابەریی کردبوو، دوای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی ڕەوانەی «کەمپی دیپۆرت» کراوە و لە بەردەم مەترسیی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ بۆ ئێراندایە.

سەلاحەدین سرووری، باوکی ئەم پەناخوازە، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە خۆی و هاوژین و ئەشکانی کوڕیان ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) بە هۆی چالاکیی سیاسییەوە ناچار بوون ئێران بەجێ بێڵن و لە سوێد داوای پەنابەری بکەن.

بە وتەی ئەم هاووڵاتییە کوردە، پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی پەنابەریی ئەم بنەماڵەیە چەندین ساڵی خایاندووە و لەم ساڵانەی دواییدا و پاش ئەوەی ئەشکان تەمەنی ١٨ ساڵانی تێ پەڕاند، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ دۆسیەکەی کرا و لە دۆسیەی دایک و باوکی جیا کرایەوە.

سەلاحەدین سرووری لە درێژەدا وتی: «ساڵی ڕابردوو داوای پەنابەریی من و هاوژینەکەم قبووڵ کرا، بەڵام داواکاریی کوڕەکەم ڕەت کرایەوە، هەر بۆیە ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژی ئەمساڵ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) دەستبەسەر کرا و پاشان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ بۆ ئێران ڕەوانەی کەمپی داخراوی یۆتۆبۆری کراوە».

ئەشکان سرووری، لەدایکبووی ١٣٨٢ (٢٠٠٣) لە شاری سەقز، لەم ساڵانەی ڕابردوودا ڕووی لە ئایینی مەسیحییەت کردووە و چەندەها جار لە وڵاتی سوێد بەشداریی لە گردبوونەوەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کردووە. هەر بۆیە لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەیدا بۆ ئێران ڕووبەڕووی مەترسیی جیدیی دەستبەسەرکردن و سزادان دەبێتەوە.