سامان غەزاڵی، ڕۆژنامەوان و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی مەهاباد، پاش بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ پۆلیسی ئەمنییەتی گشتیی (فەراجا) ئەم شارە، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکوانە کوردە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بۆ پۆلیسی ئەمنییەتی مەهاباد بانگهێشت کراوە و دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٣٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) سەردانی ئەو ناوەندە ئەمنییەی کردووە، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خراوەتە بەر لێپرسینەوە و گوشارەوە.
دەوترێت ئەم هاووڵاتییە سەبارەت بە ساڵیادی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» و بڵاوکردنەوەی هەندێ بابەتی سیاسی لە لاپەڕەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لێپرسینەوەی لێ کراوە و گوشاری خراوەتە سەر تاکوو بەڵێننامەیەکی نووسراو سەبارەت بە وازهێنان لە هەرجۆرە چالاکییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی واژۆ بکات.
ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٢٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) دوای بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژ گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ. سامان لە ماوەی دوو مانگ دەستبەسەربووندا لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی خۆپیشاندان و مانگرتنە جەماوەرییەکان لەژێر لێپرسینەوەدا بوو و جارێکیش وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بارودۆخی خۆیدا مانی لە خواردن گرت. پاشان لە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزی هەمان ساڵدا (٢٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.
ئەم چالاکوانە کوردە لە سەرماوەزی ١٤٠١دا (دیسامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٣ مانگ بەندکران، ٥ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی دوو ساڵ و ساڵێک قەدەغەبوونی کاری ڕۆژنامەوانیی بەسەردا سەپا کە دوای ماوەیەک بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا و پاش ٣ مانگ، بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوونی پێشوو، لە زیندان ئازاد کرا.
سامان عەزاڵی پێش لەوەیش لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٩دا (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٠) بە هۆی چالاکییە ڕۆژنامەوانی و سیاسییەکانیەوە بۆ ماوەی ٣ مانگ دەستبەسەر بوو و پاشان لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا، سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم بڕیارە لە کۆتایی ساڵی ١٣٩٩دا (٢٠٢١) خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و دواجار لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا (٢٩ی ژوەنی ٢٠٢١) پاش تێپەڕینی ٩ مانگ لە ماوەی سزاکەی، لە زیندان ئازاد کرا.