جیهانگیر ڕوستەمی، مامۆستای خانەنشین و چالاکی پیشەیی خەڵکی شاری هەرسینی کرماشان، لەدوای دەستبەسەرکردنەوە خراوەتە بەر گوشار و توندوتیژییەوە، ئەمەیش وەک گوشارێک لە بەرانبەر کوڕە دەستبەسەرکراوەکەیدا، ئێحسان ڕوستەمی، بۆ ئەوەی ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) بە شێوەیەکی تەندوتیژ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی جیهانگیر ڕوستەمی لە شاری هەرسین و ئەم مامۆستا کوردەیان دەستبەسەر کرد و گواستیانەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران. ئاستی توندوتیژی و لێدانەکە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا هێندە قورس بووە کە ئاسەوارەکەی بە سەر و دەموچاویەوە دیار بووە و تەنانەت بووەتە مایەی ناڕەزایی داواکاری گشتیی هەرسینیش.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕاگەیاند کە دوای گواستنەوەی ئەم چالاکوانە پیشەییە بۆ زیندانی ئێڤین، بە هەمان ئەو دۆخە جەستەییە و بە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجەکانەوە بردوویانەتە دیداری کوڕەکەی کە نووسەر و چالاکوانی فەرهەنگییە و لە نزیکەی دوو مانگ پێشترەوە دستبەسەر کراوە. لێپرسەوەکان هەوڵیان داوە لە ڕێگای ئەم دیدارەوە گوشارێکی دەروونی بخەنە سەر ئێحسان ڕوستەمی و ناچاری بکەن دانپیانانی زۆرەملێ قبووڵ بکات.

جیهانگیر ڕوستەمی ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی هەرسینە و لە کاتێکدا دەستبەسەر کراوە کە کوڕ و برازایەکی، ئێحسان و ڕامین ڕوستەمی، لە ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ئەمساڵەوە (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) دەستبەسەر کراون. ئەم هاووڵاتیانە لەگەڵ سێ چالاکوانی فەرهەنگیی دیکەدا بە ناوەکانی حەسەن تووزەندەجانی، مەرجان ئەردەشیرزادە و نیما مەهدیزادەگان بە شێوەی هاوکات لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیاندا لە شاری تاران دەستبەسەر کرابوون.

بنەماڵەکانی ئێحسان و ڕامین ڕوستەمی پێشتر ڕایان گەیاندبوو کە ئەم دوو چالاکوانە کوردە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامیی دەستبەسەربوونی خۆیاندا مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی هەرسین لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی جیهانگیر ڕوستەمیدا هەڵوێستی وەرگرتووە و وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم ڕووداوە، ڕەخنەی لەو گوشارە ئەمنیانە گرتووە کە دژ بە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ گیراوەتە بەر. لە بەشێکی بەیاننامەکەدا نووسراوە:

«داوای ئازادکردنی دەسبەجێ و بێمەرجی جیهانگیر ڕوستەمی لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی هەرسین دەکەین و تا کاتی ئازادکردنی بەڕێزیان، لەگەڵ بنەماڵەی بەڕێزی ئەم مامۆستا خۆشەویستەدا درێغی لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک ناکەین».