ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٥) لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری چیای ئاویەری سنەدا پێنج چالاکی ژینگەپارێز بە ناوەکانی حەمید مورادی، موحسین حسەینپەناهی، خەبات ئەمینی، چیاکۆ یووسفینژاد و سەیدموستەفا هەژیر بریندار بوون و ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی سنە کران. بەڵام حەمید مورادی، بەرپرسیاری ئەنجومەنی ژینگەپارێزی «شنەی نەوژینی کوردستان»، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارەدا گیانی بەخت کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) دوابەدوای ئەوەی لە ڕووبەرێکی بەربڵاوی ئاویەردا ئاگر کەوتەوە، چالاکانی ژینگەپارێز و خەڵکی خۆبەخش بەرەو ناوچەکە بەڕێ کەوتن. لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا پێنج چالاکی ژینگەپارێز تووشی سووتان بوون کە حەمید مورادی و موحسین حسەینپەناهی بە هۆی سەختبوونی برینەکانیانەوە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکاندا و خەبات ئەمینی، چیاکۆ یووسفینژاد و سەیدموستەفا هەژیر لە بەشی گشتیی نەخۆشخانەی کەوسەری سنەدا خرانە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.
دواجار ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژ (٢٥ی جولای) حەمید مورادی، پارێزەری یاسایی و بەرپرسیاری ئەنجومەنی ژینگەپارێزی «شنەی نەوژینی کوردستان»، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.
دەوترێت ئاگرەکە دوای چەند کاتژمێرێک بە هەوڵی چالاکانی ژینگەپارێز و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک بۆ هۆکاری ئەم ڕووداوە نەکراوە و هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا لانیکەم ٨ چالاکی ژینگەپارێزی دیکە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی کوردستاندا بە هۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست و سەرەتایی و بێتەرخەمیی دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە گیانیان لە دەست داوە یاخود بریندار بوون.