چالاکوانێکی لاوی ژینگەپارێز بە ناوی ڕێبین گۆرانی کە لە چالاکیی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی «هەنجیران»ی مەریواندا تووشی کێشەی توندی هەناسە بووبوو، دوای ١١ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی توحیدی سنە، گیانی بەخت کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم لاوە ١٨ ساڵەیەی خەڵکی مەریوان حەفتەی ڕابردوو لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی «هەنجیران»ی مەریواندا تووشی سەرگێژە و کێشەی توندی هەناسە بووبوو. ئەم ژینگەپارێزە دوای ئەوەی سەردانی ناوەندە پزیشکییەکانی مەریوانی کردبوو، ڕۆژی ٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە کەوتە حاڵەتی «کۆما»وە.

ڕێبین گۆرانی لە کاتێکدا کە نیشانەکانی ژیانی لە ئاستێکی خواردا بوو و چووبووە حاڵەتی کۆماوە، ڕەوانەی بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی توحیدی سنە کرا و خرایە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە، بەڵام دواجار ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) پاش ١١ ڕۆژ مانەوە لەو نەخۆشخانەیەدا گیانی لە دەست دا.

پێشتر «ئەنجومەنی سەوزی چیا» لە دووتوێی ڕاگەیاندننامەیەکدا لەسەر بارودۆخی تەندروستیی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە وتبووی: «ڕێبین گۆرانی لە پێناو پاراستنی سروشت و دارستانی زادگەکەیدا، هەمان شەو خۆی دەگەیەنێتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان، بەڵام لە هەمان یەکەم کاتژمێرەکاندا دوچاری سەرگێژە و کێشەی توندی هەناسە دەبێت. دوای گەڕانەوە بۆ گوندەکە و پاشان ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانەی مەریوان، لە دوو ڕۆژی یەکەمدا سەرەڕای ناجێگیربوونی بارودۆخی، لە نەخۆشخانە ناخەوێنرێت و دواجار لە سێهەم ڕۆژدا و پاش چەندین جار ڕشانەوەی قورس و ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی، ئینجا دەخەوێنرێت و دەخرێتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە. ڕۆژی سێشەممە چواری خەرمانانی ١٤٠٤ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) تەندروستیی دەچێتە دۆخی قەیرانەوە، نیشانەکانی ژیانی دادەبەزێت و دواجار دەچێتە حاڵەتی «کۆما»وە. پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە دەکرێت و بە گوێرەی دوایین ڕاپۆرتەکان هێشتا هەر لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکان لە دۆخی کۆمادا ماوەتەوە».

ڕێبین گۆرانی چوارەم چالاکی ژینگەپارێزی کوردە کە لە یەک مانگی ڕابردوودا لە ڕووداوەکانی کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی سنە و مەریواندا گیانی بەخت دەکات. ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٥) لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرە گەورەکەی چیای ئاویەری سنەدا پێنج ژینگەپارێزی کوردی دیکەیش بە هۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست و هەلومەرجی دژواری کوژاندنەوەی ئاگرەکەوە تووشی سووتان بووبوون. لە ڕۆژانی دواتردا سێ کەسیان بە ناوەکانی حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی گیانیان لە دەست دا.

لە ساڵی ١٣٩٧ـەوە (٢٠١٨) تا ئێستا لانیکەم ١٢ چالاکوانی ژینگەپارێزی کورد لە کاتی هەوڵداندا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری لەوەڕگە و دارستانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە. بە گوێرەی بەڵگەنامە و بۆچوونی سەرچاوە خۆجێییەکان، بەشێکی بەرچاو لەم ئاگرانە لە ئەنجامی کرداری مرۆیی و بەئەنقەستدا دەکەونەوە و سیاسەتەکانی دەوڵەت، دامودەزگا ئەمنییەکان و کەمبوونی سیستەماتیکی کەرەستە پێویستەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر، دەورێکی دیاریکەریان لەم تێچووە مرۆییانەدا هەیە.

پێشتر چالاکوانێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕەخنەی توندی لە نابەرپرسیارێتیی دامودەزگا پێوەندیدارەکان گرتبوو و وتبووی: «ئێمە وەکوو چالاکانی ژینگەپارێز بە باشی ئاگادارین کە ئەرکی سەرەکیمان داخوازیکردن و بەرۆکگرتنی دەوڵەت و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتییە لە ئاست پرسە ژینگەییەکاندا. بەڵام کاتێک کە دەوڵەت هیچ ئاوڕێک لە داخوازییەکانمان ناداتەوە خودی داخوازیکردن لە مانا بەتاڵ دەبێتەوە».

بە وتەی ئەم چالاکوانە: «لە هەلومەرجێکدا کە هەندێ دامودەزگا و دامەزراوەی وەک سەرچاوە سروشتییەکان، ئاگرکوژاندنەوە و ژووری قەیرانەکان خۆیان لە هەڵگرتنی بەرپرسایەتییەکانیان دەدزنەوە و تەنانەت بە دروستی کەڵک لە کەرەستە و ئامێرەکانی بەردەستیشیان وەرناگرن، چالاکوانانی ناوچەکە بە هەستی بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر سروشتی کوردستاندا و بەبێ کەرەستەی خۆپاراستنی پێویست، دەڕۆنە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان. بە داخەوە هەندێکیشیان لەم ڕێگایەدا گیانیان لە دەست دەدەن».