سوپای پاسداران لەگەڵ ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆدا بۆ ناوچە شاخاوییەکانی شاهۆ لە شاری کامێران، تۆپبارانی ناوچەکەی کردووە، ئەمەیش بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەشێکی بەرفراوانی ئەم چیا و کوێستانەدا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی سوپای پاسداران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری شاهۆیان ئاگادار کردووەتەوە کە تا چەند ڕۆژێک بۆیان نییە هاتوچۆی ئەم ناوچە کوێستانییە بکەن. هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆدا، هێزە سەربازییەکان تۆپبارانی ناوچەکەیشیان کردووە کە وەکوو ناوچەی پارێزراوی ژینگەیی دێتە ئەژمار.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) لە بەشێکی بەرچاوی ناوچەکەدا بە هۆی تۆپبارانەوە ئاگر کەوتووەتەوە. هێزەکانی سوپای پاسداران تا ئێستە مۆڵەتیان بە ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە نەداوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و هەر بۆیە ئاگرکەوتنەوەکە تا ئێستەیش بەردەوامە.

ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان بە ڕووبەری ٥٧،٢٣٦ هێکتار کەوتووەتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، ڕوانسەر، پاوە، مەریوان و کامێرانەوە و لە سنووری هەرێمی کوردستاندایە. ئەم ناوچە کوێستانییە بەپێی یاسای ژمارە ٣٠٣ی شۆرای باڵای ژینگە (کۆمیسیۆنی ژێرخانەکانی دەوڵەت) ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) وەک ناوچەی پارێزراو و لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ژینگەپارێزیی ئێراندا لە قەڵەم دراوە.

بە وتەی چالاکوانانی ژینگە، سوپای پاسداران لە ساڵی ١٣٨٦ـەوە (٢٠٠٧) بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا چەندین سەربازگە و تاوەری چاودێرییان لە ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان دروست کردووە و بە ڕاکێشانی جادە بۆ بنکە سەربازییەکانیش بەشێکی بەرچاوی ناوچەکەیان تێک داوە. سەرباری ئەوەی هەموو ساڵ لە مانۆڕ و ڕاهێنانە سەربازییەکانیشدا بەشێکی گەورە لەو ناوچانە دەسووتێنن.

سەرەڕای ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕینی چالاکانی ژینگەپارێز و دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری ئەو کوێستانە، پرۆسەی دروستکردنی جادە و بنکە و بارەگای سەربازی هەر بەردەوامە و لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا سوپای پاسداران چەندین مانۆڕی سەربازیی لەو ناوچەیەدا بەڕێوە بردووە. هەروەها سوپای پاسداران هەموو ساڵ بەئەنقەست لەوەڕگە و دارستانەکانی نزیک لە ناوەندە سەربازییەکان بە بیانووی «ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی دارودەوەنی ناوچەکە لە لایەن هێزەکانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانەوە بۆ هێرشکردن» ئاگر تێ بەر دەدات. هەروەها بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو، هەموو ساڵ چەندین جار بە ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ کوێستانی شاهۆ، تۆپبارانی ئەو ناوچە پارێزراوە دەکرێت.