به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستان، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ ٢٩ی پووشپه‌ڕ، سێ به‌ندكراوی مه‌حكووم به ئێعدام بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوكمه‌كه‌یان له به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ورمێوه گواستراونه‌ته‌وه بۆ ژووری تاكه‌كه‌سی. ناوی دوو له‌م به‌ندكراوانه ئه‌سه‌د كشاوه‌رز له به‌ندی ١.٢ و به‌یتوڵڵا موتەلێبی له به‌ندی ڕاوێژکاری ڕاگه‌یه‌ندراوه.
شوناسی به‌ندكراوه‌كه‌ی دیكه كه له بەندی لاوانەوە گواستراوه‌ته‌وه، تاكوو ئێستا نادیاره، ده‌وترێ ئه‌م سێ به‌ندكراوه پێشتر به تۆمه‌تی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست (قه‌تڵی عه‌مد)، سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاوه.
به‌رپرسانی زیندان به بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م به‌ندكراوانه‌یان ڕاگه‌یاندووه ئه‌گه‌ر نه‌توانن له بنه‌ماڵه‌ی كوژراوه‌كان ڕه‌زایه‌ت وه‌ربگرن، ئه‌وا سزای هه‌ر سێ به‌ندكراوه‌كه سبه‌ی به‌ره‌به‌یان جێبه‌جێ ده‌کرێت.