ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دووهەمین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی ڕامین حسەین‌پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادیدا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە کۆتایی بە شاردنەوە و سەپاندنی ڕەنج بەسەر بنەماڵەی لەسێدارەدراواندا بێنن.
بەرەبەیانی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧، ڕامین حسەین‌پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادی، سێ زیندانیی سیاسیی کورد، کە پێشتر دەستبەسەر و بە تۆمەتی «موحارەبە» حوکمی لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپابوو، لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج لە سێدارە دران.
ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییە کە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، لە بەیاننامەکەی خۆیدا وتوویەتی ئەو ڕەنجە قووڵەی کاربەدەستان و بەرپرسانی ئێرانی بە شاردنەوەی ئەنقەستی شوێنی بەخاکسپاردنی ڕامین حسەین‌پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادی بە سەر بنەماڵەکانیاندا دەیسەپێنن، نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی یاسای قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و هەموو جۆرە هەڵسوکەوتێکی بێبەزەییانە، نامرۆڤانە و دزێوە کە لە مادەی ٧ی کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا ئاماژەی پێ کراوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێت: شاردنەوەی شوێنی بەخاکسپاردن، هاوکات نیشانەی پێشێلکردنی مافی بنەماڵەکانە بۆ گەڕان، وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر ئەم بابەتە، کە لە مادەی ١٩ی کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا پێداگری لەسەر زەروورەتی بەهرەمەندبوون لەم مافە کراوە.
ئەم ڕێکخراوە جیهانییەی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە کۆتایی بەیاننامەکەی خۆیدا وتوویەتی: بەرپرسانی ئێران بە شاردنەوەی ئەنقەستی شوێنی بەخاکسپاردن، مۆڵەتنەدان بە ڕێوڕەسمی ئازیەتباری و بێبەشکردنی بنەماڵەکان لە دانانی بەردی گۆڕ یان ڕازاندنەوەی شوێنی بەخاکسپاردنی خۆشەویستەکانیان بە گوڵ، وێنە، هێما یان پەیامی ڕێزگرتن، مافە فەرهەنگییەکانی ئەندامانی بنەماڵەکان بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و ئازیەتباریدا و ئەنجامدانی ئەو دابونەریتانەی باوەڕیان پێیەتی، پێشێل دەکەن. ئەمەش پێچەوانەی مادەی ١٥ی کۆنڤانسیۆنی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانە کە ئێرانیش یەکێکە لە ئەندامانی ئەو کۆنڤانسیۆنە.