تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دەمەوبەیانی ئەمڕۆ زیندانیی سیاسیی کورد فیرووز مووسالوو بەبێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەکەی و بە شێوەی نهێنی لە سێدارە دراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە ئێوارەی دوێنێ بە کەلەبچە و پێبەندەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی گوازرابوویەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەواڵنێریی «فارس»یش چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە زاری بەشی پێوەندییە گشتییەکانی دادگوستەریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە و بەبێ ئاماژەکردن بە ناسنامەی ئەم زیندانییە سیاسییە، هەواڵی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی ڕاگەیاندبوو. لەم ڕاپۆرتەدا ئاوا نووسراوە: «ئەم کەسە تەقەی لە هێزە سنوورپارێزەکانی وڵات کردبوو و ببووە هۆی شەهیدبوونی ٣ سنوورپارێز و برینداربوونی سێ سنوورپارێزی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دوای کردنەوەی دۆسیە لە دەزگای دادوەریدا و لێکۆڵینەوەی یاسایی لە دادسەرا و دەرکردنی داوانامەکە و دوابەدوای ئەوەیش دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان، پەسەندکران و یەکلاییبوونەوەی حوکمەکە لە دیوانی باڵای ئێراندا و تەواوکردنی قۆناغەکانی جێبەجێکردن، دواجار حوکمەکە جێبەجێ کرا».

ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.ک.ک) حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ناوچەی قەتووری شاری خۆیی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دوای چەند ساڵ ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.ک.ک) بە وەرگرتنی ئەماننامە لە سپای پاسداران لە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا (١١ی جولایی ٢٠١٩) خۆی ڕادەستی سپای شاری سەردەشت کردبوو.

لە حاڵێکدا کە پێشتر بەرپرسانی سپا بە بنەماڵەکەییان ڕاگەیاندبوو کە کوڕەکەیان دوای چەند ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد دەکرێت، بەڵام یەکسەر گواستبوویانەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ و خستبوویانە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٨دا (١ی ژانڤییەی ٢٠٢٠) دوای ٥ مانگ و ٢٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.