بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی پووشپەڕ (١٩ی جولای) دوو زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام بە ناوەکانی ئەمیر ئوجاقی و حەیدەر هیبۆزادە (بەراهوویی) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی یەزد کراون.

ئەمیر ئوجاقی، خەڵکی کرماشان، نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرا و حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە. هەروەها حەیدەر هیبۆزادە، خەڵکی زاهیدان، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتن» دەستبەسەر کرا و حوکمی «قەساسی نەفس»ی بۆ دەرچوو.