بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ١٥ی ڕەشەمە (٦ی مارس) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی سوهراب سووری‌لەکی و ئایەت عەلی‌یاری کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا جێبەجێ کراوە.

ئەم دوو زیندانییەی خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێشەوە دەستبەسەر کران و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.

دەوترێت سوهراب سووری‌لەکی پێشتر و لە ڕەشەمەی ١٣٩٨دا (مارسی ٢٠٢٠) توانیبووی لەگەڵ ٢٠ زیندانیی دیکەدا لە زیندانی پارسیلۆن هەڵبێت، بەڵام دوای چەند مانگێک دیسان دەستبەسەر کرابووەوە.