بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی پووشپەڕ (١٨ی جولای) سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی مەنسوور سەیدی، موسلیم هەواسی و سیامەک حەیاتبینی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم سێ بەندکراوە ڕۆژی پێشووتر لەگەڵ بەندکراوێکی تردا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون. سزای لەسێدارەدانی ئەم سێ زیندانییە بەرەبەیانی سێشەممە جێبەجێ کرا و چوارەم زیندانیش جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕاگیرا و هەر بۆیە گەڕێنرایەوە بۆ ناو بەندی گشتی.

مەسلیم هەواسی، ٣٧ ساڵان و خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان، سالی ١٣٩٢ (٢٠١٣) لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی تردا، یەکیان براکەی بە ناوی حسەین هەواسی، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سازی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

هەروەها سیامەک حەیاتبینی، ٣٥ ساڵان و خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سازی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

ئەو زیندانییە لەسێدارەدراوەکەی تریش، سەیدمەنسوور سەیدی، خەڵکی تاران، نزیکەی ١٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سازی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.