بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٨ی ڕەزبەر (٣٠ی سێپتامبەر) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی ساسان فەرزیپوور و محەممەدباقر بازگیر کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا جێبەجێ کراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم دوو بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا کرابوون.

محەممەدباقر بازگیر، خەڵکی خوڕەمئاوا، ساڵی ١٤٠٠ (٢٠٢٠) بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی مەلایەکی ئایینی دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو.

هەروەها ساسان فەرزیپوور، لەدایکبووی ساڵی ١٣٧١ (١٩٩٢) لە شاری خوڕەمئاوا، ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو.