بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی ڕەزبەر (١٩ی ئۆکتۆبەر) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی فەتحوڵڵا ڕەشنۆ و وەحید کاکاوەند کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردووکیان لە سێدارە دراون.
ئەم دوو زیندانییەی خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.
پێشتر و لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەردا (١٧ی ئۆکتۆبەر) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی یاسر گوڵزەردیان و سەجاد مورادی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرابوو.