بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ٨ی گەڵاڕێزان (٣٠ی ئۆکتۆبەر) سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی خەلیل محەممەدی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە لەگەڵ زیندانییەکی تردا ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزان (٢٩ی ئۆکتۆبەر) بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون. لەسەر ناسنامە و چارەنووسی بەندکراوەکەی تر تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

خەلیل محەممەدی، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شاری هەرسینی پارێزگای کرماشان، چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا (سێپتامبەر و ئۆکتۆبەر) لەسێدارەدانی لانیکەم ٩ بەندکراوی لە زیندانەکانی خوڕەمئاوا، هەمەدان، ڕەشت و کەرەج تۆمار کردبوو.