بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٧ی گەڵاڕێزان (٨ی نۆڤامبەر) سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ٩ زیندانی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج و دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٧ی گەڵاڕێزان (٨ی نۆڤامبەر) لانیکەم ٨ زیندانی کە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون، لە سێدارە دراون.
ناسنامەی دوان لەم بەندکراوانە ڕەسوول تەیمووری و بەهمەن فەتحوڵلاهی ڕاگەیەنراوە و لەسەر ناسنامەی زیندانییە لەسێدارەدراوەکانی تر تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
ڕەسوول تەیمووری، ٥٢ ساڵام و خەڵکی شاری کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو. بەهمەن فەتحوڵڵاهیی هاووڵاتیی خەڵکی خەزانەی تارانیش نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش هەر بەم تۆمەتە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.
سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکی تر یەکێکی تر بە ناوی حسەین هەواسی کە لەگەڵ ئەم بەندکراوانەدا بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە و گوازراوەتەوە بۆ بەشی یەکی ئەم زیندانە.
هاوکات سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی فەرهاد ئاقایی، ٣٢ ساڵان و خەڵکی گوندی «بەدرئاوا»ی شاری ڕوانسەری پارێزگای کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.

