بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەڵاڕێزان (٨ی نۆڤامبەر) سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی عەلیڕەزا پەرتەوی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.

پێشتر هەواڵی لەسێدارەدانی زیندانییەکی تری ئەم زیندانە بە ناوی فەرهاد ئاقایی بڵاو کرابووەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم بەندکراوەی خەڵکی گوندی «تازاوای کەڕسوان»ی شاری سونقوڕی پارێزگای کرماشان، چەندین ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو.

ئەم بەندکراوە لەگەڵ بەندکراوێکی تردا بە ناوی فەرهاد ئاقایی، خەڵکی ڕوانسەر، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەڵاڕێزان (٧ی نۆڤامبەر) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرابوون.