بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبەر) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی باقر محەممەدیی گەراوەند، خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان و نەزیر محەممەد، هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان، کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەسار کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردووکیان لە سێدارە دراون.
باقر محەممەدیی گەراوەند، ٤٠ ساڵان و خەڵکی شاری کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، ساڵی ١٣٩٣ (٢٠١٤) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.
نەزیر محەممەد، هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستانیش پێشتر هەر بەم تۆمەتە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.