بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی گەڵاڕێزان (٢٠ی نۆڤامبەر) سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی سیامەند ئوستوار کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئەردەبیل جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٦ی ئۆکتۆبەر) بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ئەردەبیل کرابوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارە دراوە.

ئەم زیندانییە ٣٩ ساڵەیە کە باوکی ٢ منداڵ و خەڵکی گوندی «دەنگەز»ی بۆکان بوو، نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێش لە ئەردەبیل بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.