بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گوڵان (١ی مەی) ئەنوەر خزری، زیندانیی مەزهەبیی کوردی خەڵکی مەهاباد، دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا. ئەنوەر خزری بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا لە سێدارە دراوە.
ئەم زیندانییە مەزهەبییە پێشتر و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ٦ زیندانیی مەزهەبیی کوردی دیکە، بە تۆمەتی «افساد فیالارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو. لە چەند مانگی ڕابردوودا چوار هاودۆسیەی دیکەی بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی و فەرهاد سەلیمی لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە مەزهەبییە ڕۆژی سێشەممە بۆ جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بەربەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گوڵان (١ی مەی) بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دراوە.
ئەنوەر خزری لە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٣٨٨دا (٢١ی ژانڤییەی ٢٠١٠) دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێبەندانی ١٣٩٧ (ژانڤییەی ٢٠١٩) لە ڕەنجنامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە لە کاتی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییەکان هەوڵی خۆکوشتنی داوە: «بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون سەختترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیم ئەزموون کرد، بە شێوەیەک کە دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٩ مانگ نەتەنها تەندروستیم نەگەڕاوەتەوە بەڵکوو تووشی چەندەها کێشەی جەستەیی و دەروونیش بووم. لەو کێشە و برینانەی تووشم بوون دەتوانم ئاماژە بە برینی سەر و مێشک، سینگ، ئەژنۆکان، بنی پێ، مەچەکی چەپ، شکانی بەردەوامی لووت، کشانی ماسوولکەکانی دەمار و ڕیشاڵی شان و هتد بکەم. من لە پەنجاوشەشەم ڕۆژی دەستبەسەربووندا و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر هەوڵی خۆکوشتنم دا و بە گڵۆپی سەقفەکە شادەماری دەستی چەپی خۆمم بڕی».
ئەنوەر خزری دوای ٨ مانگ گوازرایەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران و لەم زیندانەیشدا بۆ ماوەی ٦ مانگ لە بەندەکانی ٢٠٩ و ٢٤٠ خرایە بەر لێپرسینەوە.
لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) ئەنوەر خزری لەگەڵ هاودۆسیەکانی دیکەیدا بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فیالارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران.
لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فیالارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەنوەر خزری و هاودۆسیەکانیدا سەپاندەوە. ئەم جارە دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە و بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران سزاکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە و لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (٣ی فێبرییەی ٢٠٢٠) بڕیارەکە بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەیان، مەحموود عەلیزادەی تەباتەبایی، ڕاگەیەنرا.
ئەنوەر خزری لەگەڵ دوو هاودۆسیەی دیکەیدا بە ناوەکانی خەسرەو بەشارەت و کامران شێخە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٦دا (١٩ی سێپتامبەری ٢٠١٧) بە مەبەستی دادگاییکردن بە تۆمەتی «کوشتنی سەربازێک لە مەهاباد» لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. دادگای ئەم سێ کەسە لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا (٣٠ی ژوەنی ٢٠١٨) لە لقی ١٢ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ بەڕێوە چوو. لەم دادگایەدا ئەنوەر خزری بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.
پێشتر و سەرەڕای هەوڵەکانی بنەماڵە و گوشار و بەدواداچوونی دامەرزراوەکانی مافی مرۆڤ، سزای لەسێدارەدانی چوار هاودۆسیەی دیکەی ئەم زیندانییە مەزهەبییە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی و فەرهاد سەلیمی لە ڕۆژانی ١٤ی گەڵاڕێزان، ٨ی سەرماوەز، ١٢ی بەفرانبار و ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (٥ و ٢٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣، ٢ و ٢٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
