بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گوڵان (١٥ی مەی) خەسرەو بەشارەت، زیندانیی مەزهەبیی کوردی خەڵکی مەهاباد، دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا. ئەم زیندانییە مەزهەبییە ڕۆژی ١٢ی گوڵان (١ی مەی) هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەنوەر خزریدا، کوڕەپوور و یەک لە هاودۆسیەکانی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوو.
لە چەند مانگی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی پێنج بەندکراوی دیکەی ئەم دۆسیەیە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی و ئەنوەر خزری جێبەجێ کرابوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە مەزهەبییە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گوڵان (١٥ی مەی) دوای ١٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا لە سێدارە دراوە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گوڵان (٧ی مەی) بنەماڵەی خەسرەو بەشارەت کە بە مەبەستی ئەنجامدانی دواهەم دیدار لە مەهابادەوە بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج بانگهێشت کرابوون، نزیکەی ٢٠ خولەک و لە نزیکەوە چاویان بە کوڕەکەیان کەوت و دوادیداریان لەگەڵ کرد.
پاش دوادیداری ئەم زیندانییە مەزهەبییە کوردە، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە مەترسیی لەسێدارەدانی خێرای ئەم هاووڵاتییە کردبوو.
خەسرەو بەشارەت، هاووڵاتیی ٣٩ ساڵانی کوردی خەڵکی مەهاباد، لە ڕێبەندانی ١٣٨٨دا (ژانڤییەی ٢٠١٠) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا (ژانڤییەی ٢٠٢١) بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا سەبارەت بە ئەشکەنجەدران لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە، نووسیبووی: «ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٨ (ژانڤییەی ٢٠١٠) بوو کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر کرام و برامە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. بۆ ماوەی مانگێکی تەواو لە ژووری تاکەکەسیدا بە چەندەها جۆری جیاواز ئەشکەنجەیان دام. زۆرجار لە ١٢ی شەو بەدواوە هەتا بەیانی بە دەنگی تۆقێنەر و دەنگی هاوار و شیوەنی کەسێک کە خەریکە ئەشکەنجە دەدرێت، ترس و لەرزیان دەخستە هەموو گیانمەوە و هەتا بەیانی نەمدەتوانی بخەوم، بەم کارەش ئازار و ئەشکەنجەی دەروونیی زۆر سەختیان دەدام. بۆ ماوەیەکی درێژ لە پشتەوە دەستەکانمیان بە کەلەبچە دەبەست، بە شێوەیەک کە لە ئێشی دەست و پێ دەمناڵاند. چەندەها جار بە سەعات بە کەلەبچە لە سەقفەکەوە شۆڕیان دەکردمەوە و چەندین جار بە تەختێکیانەوە دەبەستم و بە کێبڵی ئەستووری کارەبای سێ ڕشتە، بە توندی لە ژێرپێیان دەدام، بە شێوەیەک کە نزیک بوو مێشکم لە دەمم بێتە دەرەوە و گلێنەی چاوم دەربێت و دڵم خەریک بوو بتەقێ».
لە درێژەی ئەم نامەیەدا نووسرابوو: «ئەم ئەشکەنجانە سێ حەفتە درێژەی هەبوو و پاشان هەڕەشەی دەستگیرکردنی ئەندامانی بنەماڵەکەیان لێ کردم. لەو کاتە و لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەدا، لێپرسەوەی دۆسیەکە خۆی تۆمەتەکانی بە زۆر پێ دەنووسیم و پێی پەنجەمۆر و ئیمزا دەکردم، لە دۆخێکدا کە هەر لەم دونیایەدا نەبووم و نەمدەزانی خەریکم واژۆ لەسەر چی دەکەم».
ئەم زیندانییە مەزهەبییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ماوەیەک لە زیندانەکانی مەهاباد، ورمێ و بەندی ٣٥٠ زیندانی ئێڤینی تاراندا بوو و پاشان ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کرا.
لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) خەسرەو بەشارەت لەگەڵ هاودۆسیەکانی دیکەیدا بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فیالارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران.
لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فیالارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەر خەسرەو بەشارەت و هاودۆسیەکانیدا سەپاندەوە. ئەم جارە دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە و بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران سزاکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە و لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (٣ی فێبرییەی ٢٠٢٠) بڕیارەکە بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەیان، مەحموود عەلیزادەی تەباتەبایی، ڕاگەیەنرا.
خەسرەو بەشارەت لەگەڵ دوو هاودۆسیەی دیکەیدا بە ناوەکانی ئەنوەر خزری و کامران شێخە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٦دا (١٩ی سێپتامبەری ٢٠١٧) بە مەبەستی دادگاییکردن بە تۆمەتی «کوشتنی سەربازێک لە مەهاباد» لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. دادگای ئەم سێ کەسە لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا (٣٠ی ژوەنی ٢٠١٨) لە لقی ١٢ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ بەڕێوە چوو. لەم دادگایەدا خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی «یارمەتیدان و بەشداریکردن لە کوشتندا» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
خەدیجە ئازەرپوویا، دایکی خەسرەو بەشارەت، لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (فێبرییەی ٢٠٢٠) لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ جاوید ڕەحمان، ڕاسپاردەی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا، داوای لێ کردبوو هەنگاوی یاسایی بۆ ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی کوڕەکەی هەڵبگرێت. خەدیجە ئازەرپوویا لە بەشێکی نامەکەیدا کوڕەکەی بە قوربانیی پیلان و دۆسیەسازیی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێ لە قەڵەم دابوو و وتبووی: «جەنابی جاوید ڕەحمان، کوڕەکەی من تەنها ٢٣ ساڵی بوو کە لە ساڵی ١٣٨٨دا (٢٠٠٩) دەستگیریان کرد و ئێستە ٣٤ ساڵیەتی. باشترین ساڵانی لاوێتیی لە دەستبەسەرگە و زیندانیدا تێپەڕاندووە، بەبێ ئەوەی تاوان و گوناهێکی کردبێت. بەتەواوی شکاومەتەوە، پیر بووم و پەکم کەوتووە و وشەی پێکەنین و شادی ئیدی هیچ واتایەکی بۆ من نییە. ساڵی ٩٦ (٢٠١٧) کە سزای لەسێدارەدانی کوڕەکەم لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵاوە هەڵوەشایەوە، بە خۆمم گوت ئیدی چاوەڕوانی کۆتایی هاتووە و هیوایەکی گەورە بە گەڕانەوەی کوڕەکەم هەیە. بەڵام زۆری پێ نەچوو کە شیرینیی هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی کوڕەکەم و تەنانەت دەرکردنی بڕیاری ئەستۆپاکیی خەسرەو لە هەموو تۆمەتەکان لە لایەن لقی دووی دادسەرای مەهابادەوە لێم تاڵ کرا، ئەویش بە سەپاندنی دووبارەی سزای لەسێدارەدان لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە سەرۆکایەتیی ئەبولقاسم سەڵەواتی. لە هەمووی قورستر و گەورەتر ئەوەیە کە دوای تێپەڕینی نزیک بە ١٠ ساڵ لە چاوەڕوانی بۆ ڕاگەیاندنی ئەستۆپاکی و ئازادبوونی کوڕەکەم کە تاکەهۆکار بۆ هێشتنەوەی لەو دۆخە هەڵپەسێردراوەدا نەبوونی هیچ جۆرە بەڵگەیەکە بۆ سەڵماندنی تۆمەتەکان، بە داخەوە لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانەکەی لقی ١٥ی وەک خۆی پەسەند کردەوە و ئێمە لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە لەم بابەتە ئاگادار کراینەوە. چۆن دەکرێ لقی ٤١ی دیوانی باڵا یەکەم سزای لەسێدارەدان کە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە دەرکرابوو، لەبەر نەبوونی بەڵگەنامەی پێویست و پشتبەستن بە دانپیانانەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام لە جاری دووهەمدا و بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆسیەکەدا ڕووی دابێت، هەمان سزا پەسەند بکاتەوە؟ ئایا هەر ئەوە نییە کە نادادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئەڵقەلەگوێی ئیتلاعاتن و تەنها بە دەستووری ئەوان سزا دەسەپێنن و پەسەندی دەکەن؟».
ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.