بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژ (٢٧ی جولای) سزای لەسێدارەدانی عەزیم ئەمرایی، بەندکراوی لاوی خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو ٥ی گەلاوێژ (٢٦ی جولای) لەگەڵ لانیکەم دوو بەندکراوی دیکەدا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارە دراوە.

تا ئێستا لەسەر ناسنامە و چارەنووسی ئەو دوو بەندکراوەکەی تر هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

عەزیم ئەمرایی، خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو.