سزای لەسێدارەدانی ئەشکان یاری، بەندکراوی خەڵکی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە کە نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشەبەرکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان لە سێدارە دراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا (خەرمانانی ١٤٠٣) لانیکەم ٧ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندار بە «مادە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانەکانی تەورێز، خوڕەمئاوا، مەهاباد، هەمەدان، میاندواو و قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دراون.