سزای لەسێدارەدانی بورهان ئەنساری، بەندکراوی خەڵکی ورمێ کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەدا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە سێدارە دراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناونیشان و چارەنووسی بەندکراوەکەی تر بەردەست نەکەوتووە.
بورهان ئەنساری، خەڵکی گوندی «قەرەئاغاج»ی ورمێ، چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشەبەرکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕوبوونەوەی سزای لەسێدارەداندا، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا، لە مەودای نێوان ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ تا ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا، لانیکەم ١٣٨ بەندکراوی کورد لە زیندانە جیاوازەکانی ئێران لە سێدارە دراون.
