سزای لەسێدارەدانی ئەسعەد فەرهەنگ، ستار خەسرەوی، کامران سەقایی، ئەحمەد ناروویی و محەممەد ئێسحاق‌زێهی کە پێشتر بە تۆمەتی «مادە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوبوو، لە زیندانەکانی ناوەندیی ورمێ و قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەسعەد فەرهەنگ، بەندکراوی خەڵکی سەقز، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە سێدارە دراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەر (١٠ی ئۆکتۆبەر) ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم دوو بەندکراو لەم زیندانەدا لە سێدارە دراون.

ئەسعەد فەرهەنگ، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی سەقز، نزیکەی ٩ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی لانیکەم چوار بەندکراو، ستار خەسرەوی، کامران سەقایی، ئەحمەد ناروویی و محەممەد ئێسحاق‌زێهی، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

ستار خەسرەوی، بەندکراوی کوردی خەڵکی هەرسینی کرماشان، کامران سەقایی، بەندکراوی لوڕی خەڵکی پۆلدۆختەری لوڕستان و دوو بەندکراوی بەلووچ بە ناوەکانی ئەحمەد ناروویی و محەممەد ئێسحاق‌زێهی، خەڵکی زاهیدانی سیستان و بەلووچستان، پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوبوو.