ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) محەممەد کۆشکی و باباخان جەعفەری، دوو بەندکراوی خەڵکی کووهدەشت و نوورئاوای لوڕستان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، باباخان جەعفەری، ٦٥ ساڵان و خەڵکی نوورئاوا و محەممەد کۆشکی، ٢٥ ساڵان و خەڵکی کووهدەشت، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

بەرپرسانی زیندانی قزلحەساری کەرەج بە بنەماڵەی ئەم دوو بەندکراوەیان ڕاگەیاندووە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەردووکیان لە سێدارە دەدرێن.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا (ڕەزبەری ١٤٠٣) لانیکەم ١٠ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندار بە «مادە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانەکانی کرماشان، قزلحەساری کەرەج، هەمەدان و ورمێ لە سێدارە دران.