سزای لەسێدارەدانی محەممەد کۆشکی و باباخانی جەعفەری، دوو بەندکراوی خەڵکی کووهدەشت و نوورئاوای لوڕستان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی گەڵاڕێزان (٢٣ی ئۆکتۆبەر) هەردووکیان لە سێدارە دراون.
باباخانی جەعفەری، ٦٥ ساڵان و خەڵکی نوورئاوای لوڕستان، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو. هەروەها محەممەد کۆشکی، لەدایکبووی ١٣٧٥ (١٩٩٦) لە شاری کووهدەشتی لوڕستان، ساڵی ١٣٩٩ (٢٠٢٠) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا (ڕەزبەری ١٤٠٣) لانیکەم ١٠ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندار بە «مادە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانەکانی کرماشان، قزلحەساری کەرەج، هەمەدان و ورمێ لە سێدارە دراون.

