سزای لەسێدارەدانی ڕامین کازم عەلیلوو و عەلی موئمینی، دوو بەندکراوی خەڵکی ورمێ کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی شەممە ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی گەڵاڕێزان (٤ی نۆڤامبەر) هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە دران.

ڕامین کازم عەلیلوو، ٣٢ ساڵان و عەلی موئمینی، ٢٤ ساڵان، هەردووکیان خەڵکی ورمێ، بە ڕیز نزیک بە ٤ ساڵ و ٢ ساڵ لەمەوپێش لە دوو دۆسیەی جیاوازدا و بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەرچووبوو.