ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت و ڕەسوول ئەحمە محەممەد، هاووڵاتیی خەڵکی سلێمانیی هەرێمی کوردستان، لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا.

ئەسغەر جیهانگیری، وتەبێژی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٥ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بەبێ ئاماژەکردن بە ناوی ئەو کەسانە ڕایگەیاند کە سێ کەس لە دۆسیەی «تیرۆری فەخریزادە»دا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم سێ هاووڵاتییە پووشپەڕی ١٤٠٢ () لە مەودای نێوان چەند ڕۆژێکدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.

ئەم هاووڵاتیانە بۆ ماوەی چەندین مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ورمێ خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و دوای زیاتر لە ٣ مانگ بۆ یەکەم جار مۆڵەتیان پێ درا بە تەلەفۆن پێوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.
لێپرسەوە ئەمنییەکان لە سیناریۆیەکی هەڵبەستراودا تۆماتباریان کردوون بە «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» و «گواستنەوەی کەرەستەکانی کوشتنی فەخریزادە».

ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، خەڵکی گوندی «دۆڵەگەرمە»ی سەردەشت کە کۆڵبەر بوون، لەگەڵ ڕەسوول ئەحمە محەممەد، کاسبکاری خەڵکی سلێمانیی هەرێمی کوردستان، سەرەتا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەت کردەوە، بەڵام دواتر لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا ناچار بوون ددان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن.

ئەم هاووڵاتیانە دوای زیاتر لە ٨ مانگ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم سێ بەندکراوە ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهین بەڕێوە چوو و لە سەرەتای گەڵاڕێزاندا بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

ئەم سێ بەندکراوە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکانی دادسەرادا لە مافی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراوی خۆیان بێبەش کرابوون و تەنها دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ دادگای شۆڕشی ئیسلامی مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەریان پێ درا.

ئەسغەر جیهانگیری، وتەبێژی دەزگای دادوەری، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی گەڵاڕێزان (٥ی نۆڤامبەر) لە دانیشتنی حەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند: «لە دۆسیەی تیرۆرکردنی شەهید فەخریزادەدا تا ئێستا ٣ سیخوڕی ئیسراییل لە دادگای یەکەمدا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. لەم دۆسیەیەدا ٨ کەس لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کران کە سیان لە ئەندامانی باندەکە لەژێر ناوی قاچاخکردنی خواردنەوەی ئەلکولیدا کەرەستەکانی تیرۆرکردنی شەهید فەخریزادەیان هێناوەتە ناو وڵاتەوە، ئەم ٣ کەسە لە دادگای یەکەمدا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و حوکمەکەیان لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە».