سزای لەسێدارەدانی فەرامەرز ئینتیساری و جەلیل ئێقباڵزادە، دوو بەندکراوی خەڵکی نوورئابادی لوڕستان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی گەڵاڕێزان (٦ی نۆڤامبەر) هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە دران.

جەلیل ئێقباڵزادە، خەڵکی گوندی «ماڵئەمیریی خواروو»ی شاری سەحنە، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش و فەرامەرز ئینتیساری، خەڵکی نوورئابادی لوڕستان،  نزیکەی ٧ ساڵ لەمەوپێش لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.