سزای لەسێدارەدانی موجتەبا قاسمی، بەندکراوی خەڵکی هەرسینی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لەگەڵ لانیکەم ٨ بەندکراوی تردا لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.
موجتەبا قاسمی، خەڵکی گوندی «کل کەشوەند»ی هەرسین، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچوبوو.