سزای لەسێدارەدانی ئامانج عەزیزی، بەندکراوی خەڵکی سەردەشت کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبەر) هەر لەو زیندانەدا لە سێدارە درا.

ئامانج عەزیزی، خەڵکی گوندی «ئاغڵان»ی شاری سەردەشت و دانیشتووی ڕەبەت، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو.