سزای لەسێدارەدانی موستەفا سووری و جیهانگیر ڕەحیمی، دوو بەندکراوی خەڵکی کەنگاوەر و سەقز کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی دیزڵئاوای کرماشان و سەقز جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢٠ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی موستەفا سووری، بەندکراوی خەڵکی کەنگاوەری کرماشان کە چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.
هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی جیهانگیر (موسلیم) ڕەحیمی لە زیندانی سەقز جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا (گەڵاڕێزانی ١٤٠٣) لانیکەم ١١ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندار بە «مادە هۆشبەرەکان»، «کوشتنی بەئەنقەست» و «دەستدرێژیکردن بە زۆر» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانەکانی نەغەدە، ناوەندیی کەرەج، ناوەندیی ورمێ، قزلحەساری کەرەج و بیرجەند لە سێدارە دراون.