سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراو بە ناوەکانی فەریده جەعفەرزاده، عالیه کاوریزاده، حەسەن حەسەن‌بەیگی و عەبدولوەهاب باباخانیان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چوار بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢ی دیسامبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٣ی دیسامبەری ٢٠٢٤) هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە دران.

فەریده جەعفەرزاده، خەڵکی ئیلام، عالیه کاوریزاده، خەڵکی دێلوڕان، حەسەن حەسەن‌بەیگی، خەڵکی گوندی «سەراو کارزان»ی شاری سیروان و عەبدولوەهاب باباخانیان، خەڵکی بەدرە، لە چەند دۆسیەیەکی جیاوازدا و بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەرچووبوو.