سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی سەیدمحەممەدعەلی دەرەکە و سیاوەش یاری و بەندکراوێکی خەڵکی بۆکان بە ناوی سەیدبێهزاد سەیدیی بۆکانی کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی ئەردەکانی یەزد و میاندواو جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٦ی دیسامبەری ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی سەیدبێهزاد سەیدیی بۆکانی کە چەند ساڵێک لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی میاندواو جێبەجێ کرا.
هەروەها ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی سەیدمحەممەدعەلی دەرەکە و سیاوەش یاری لە زیندانی ئەردەکانی یەزد جێبەجێ کرا. سەیدمحەممەدعەلی دەرەکە، خەڵکی مایدەشتی کرماشان و سیاوەش یاری، خەڵکی شاری کرماشان، خەرمانانی ١٤٠٠ (سێپتامبەری ٢٠٢١) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.