سامان محەممەدیی خەیارە، بەندکراوی مەزهەبیی سزادراو بە لەسێدارەدان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراوە، لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی دەسبەجێدایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم بەندکراوە مەزهەبییە کە لە دوازدەهەم ساڵی بەندکراندایە، ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراوە. بەرپرسانی زیندان بنەماڵەکەیان بۆ دوادیدار لەگەڵ کوڕەکەیاندا بانگ کردووە و ئەوان ڕۆژی ڕابردوو توانیویانە چاویان بە سامان بکەوێت، بەرپرسانی زیندان هاوکات باسیان لە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزدا (١٨ی دیسامبەر) کردووە.

سامان محەممەدیی خەیارە هاووڵاتیی ٣٥ ساڵانی خەڵکی سنە، ساڵی ١٣٩٢ (٢٠١٣) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی زیاتر لە ٤ ساڵ لە ژوورە تاکەکەسی و گشتییەکانی دستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سنە و بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

تەلەڤیزیۆنی ئێران دوای تێپەڕینی ماوەیەک لە دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە فیلمی دانپیانانەکانی ئەو و چەند بەندکراوێکی مەزهەبیی دیکەی بڵاو کردەوە.

ئەم بەندکراوە مەزهەبییە دوای چەند ساڵێک لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە گرووپە مەزهەبییەکاندا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. هەروەها لە گوڵانی ١٤٠٢دا (ئاوریلی ٢٠٢٣) بەپێی سزانامەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی دێولان بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» لە لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی سنە دادگایی کرا و دوای وەرگرتنی ڕەزایەتی بنەماڵەی کوژراوەکە (خاوەن خوێنەکان) و پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکان بە دادگا، ئەو تۆمەتەی لەسەر لاچوو.

ئەم بەندکراوە مەزهەبییە پێشتر و لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار ڕەوتی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕاگیرا.

باوکی ئەم بەندکراوە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی سەرماوەز (١٧ی دیسامبەر) لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا و ڕوو لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە کاتێکدا کە نامەی ئازادیی منداڵەکەی نووسراوە کەچی لە دوازدەهەم ساڵی بەندکراندا بۆ لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.