مەجید جەمشیدی و حسەین مەنسووری، دوو بەندکراوی خەڵکی کووهدەشت و نوورئابادی لوڕستان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراون.
دەوترێت ئەم دوو بەندکراوە لەگەڵ سامان محەممەدیی خەیارە، بەندکراوی مەزهەبیی سزادراو بە لەسێدارەدان کە ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراوە، لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدان لە چەند کاتژمێری داهاتوودان.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٧ی دیسامبەری ٢٠٢٤) مەجید جەمشیدی، خەڵکی نوورئابادی لوڕستان و حسەین مەنسووری، خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان، بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراون و وا ڕاگەیەنراوە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا لە سێدارە دەدرێن.